پاکستان چەند گورزێکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران دەوەشێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، جێبەجێکردنی هێرشی سەربازی لە دژی گرووپە چەکدارەکانی دژ بە “ئیسلام ئاباد” لە ناوخۆی ئێران راگەیاند.

دوێنێ ئێران هێرشی کردە سەر ئەو شوێنانەی کە بە بنکەکانی ناو پاکستان وەسفی کردبوو بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەلووچ “سوپای داد”ی، لە ئەنجامدا دوو منداڵ کوژران و سێ کچیش بریندار بوون، بەپێی راگەێنراوی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە هێرشەکان “حەشارگەی تیرۆریستان”یان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران کردۆتە ئامانج، ئاماژەیان بەوەدا کە کوژراو هەبووە و گوتیشیان: “هێرشەکان بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندی نیشتمانی پاکستان بووە”.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی پاکستان بۆ سەر ناوچەیەکی سنووری باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لانیکەم سێ ژن و چوار منداڵ کوژراون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە