کوژرانی زیاتر لە  10 کەس بە هۆی بۆردوومانێکەوە کە پێدەچێت لە لایەن ئوردنەوە ئەنجام درابێت لە باشووری سووریا

سوەیدا – نۆرس پرێس

بەرە بەیانی دوێنێ چوارشەممە، لە ئەنجامی چەند هێرشێکی ئاسمانیی، کە پێدەچێت لە لایەن ئوردنەوە ئەنجامدرابێت لە گوندەواری باشووری رۆژهەڵاتی سوەیدا لە باشووری سووریا، زیاتر لە 10 کەس کوژران.

سەرچاوەکان لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی سوەیدا بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هێزی ئاسمانی ئوردن گوندەکانی (عرمان و ملح)یان لە گوندەواری باشووری رۆژهەڵاتی سوەیدا کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج ماڵ وێران بوون و 13 کەسیش گیانیانلەدەست دەدەن، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.

لە ماوەی پێشوودا فڕۆکەکانی ئوردن ماڵ و شوێنەکانی گوندەواری دەرعا و سوەیدایان لە باشووری سووریا کردووەتە ئامانج و سەرچاوە نافەرمیەکانی ئوردنیش دەڵێن، هێرشەکان دژ بەو کەسانە بوون کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هێرشەکانی پێشووتریش زیانی گیانی لە نێو دانیشتووانی ئەو ناوچانەدا لێکەوتەوە.

دوو بۆردوومان لە شارۆچکەی عرمان ماڵی کەسێک بە ناوی ‘عومەر تەڵەب’یان کردە ئامانج و هەڵمەتەکانی دیکەش ماڵی ‘تورکی ئەلحەلەبی’یان کردە ئامانج لە شارۆچکەی ملح.

دوو خانووە بە ئامانجکراوەکە، لەگەڵ خانووە دراوسێکان، لە ئەنجامی هەڵمەتەکاندا داڕماون، هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی لە سوەیدا بەپەلە بەرەو ئەو دوو شارۆچکەیە رۆیشتوون بۆ کۆکردنەوەی تەرمی قوربانییەکان و گەڕان بەدوای رزگاربوواندا، کارەکانیو گەڕان و پشکنین و رزگارکردن هێشتا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامن.

ئامادەکردنی: مەرهەف ئەلشاعر – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش