سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری گەشتوگوزاری سووریا هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتیان  تاوتوێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆشکەکەی لە بەغدا پێشوازیکرد لە “محەممەد رامی مەرتینی”، وەزیری گەشتوگوزاری سووریا و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوینەوارەکان “ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی” دیدارێکیان ساز کرد.

بە گوێرەی راگەێنراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە سەرەتای دیدارەکەدا، محەممەد رامی مارتینی، وەزیری گەشتوگوزاری سووریا سڵاوی ” بەشار ئەسەد”ی سەرۆککۆماری سووریای گەیاند بە سەرۆککۆماری عێراق، هاوکات ئەویش خواستەکانی بۆ گەلی سووریا بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ وەزیرەکە دەربڕیووە.

لە راگەێنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە، کە سەرۆککۆماری عێراق باسی لە بەهێزی پەیوەندیی برایانەی نێوان هەردوو وڵات کردووە، کە هەردوو گەلی برایان بەیەکەوە بەستووە، هەروەها جەختی لە گرنگی کارکردن کردووەتەوە، بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیانی پەیوەندییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بەدیبهێنێت.

سەرۆککۆماری عێراق، “ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، عێراق و سووریا مێژووییەکی دوور و درێژ و شارستانییەکی هاوبەشیان هەیە، کە بەشداربووە لە بەرزکردنەوەی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون بەتایبەتی لە بواری گەشتیاری و شوێنەوار و کەلتوریدا”،  هەروەها “جەختی لە گرنگی هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و دامەزراندنی پڕۆژەی هاوبەش لە زۆر بواردا کردووەتەوە”.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، سەرۆککۆماری عێراق بە وەزیرەکەی سووریای گوتووە: “فەرهەنگ و چارەنووسی ئێمە هاوبەشن، هەروەها دووچاری ئاڵنگاری هاوبەش بووینەتەوە، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژیدا، عێراق توانیویەتی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سەقامگیری ئەمنی لە شار و پارێزگاکانیدا بەدەست بهێنێتەوە”.

 جەختیشی لەوە کردەوە کە “سەقامگیری عێراق بەشێکە لە سەقامگیری ناوچەکە”.

ئەمە جگە لەوەی کە باسی لە دۆخی فەلەستین و غەززە کردووە و جەختی لەسەر “پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەکان و بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، کە کاردانەوەی دۆخی غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە”.

لای خۆیەوە وەزیری گەشتوگوزاری سووریا “جەختی لە قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە، هەروەها گرنگی بەهێزکردنیان لە کەرتەکانی گەشتوگوزار و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکاندا”، ئاماژەی بەوەشداوە کە “عێراق هاوبەشێکی سەرەکی سووریایە لە بواری گەشتیاریدا و هیواداری بەدیهێنانی هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو وڵات دەخوازین”.