لە شەش رۆژدا..دەسگیرکردنی 98 کەس و لابردنی 96 خێوەت لە کامپی هۆل
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا، ئەنجامی شەشەم ڕۆژی هەڵمەتی ئەمنی “ئاسایش و مرۆڤایەتی” یان لە کامپی هۆل، ڕاگەیاند.
“ئاسایش” ئاماژەی بەوەدا کە 15 کەسی دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” بن، هەروەها 3 چادریان لابردووە و 3 تونێلیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە بۆ شاردنەوە بەکاریان هێناوە.
هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بەسەر سندوقێکی تەقەمەنی M16 و دوو جانتای سەربازی و ژمارەیەک ئامێری ئەشکەنجەدان و کوشتن و مۆبایل و تابلێتدا گرتووە کە لە ژێر زەویدا شاراوە بوون.
بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی شەش ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەدا دەستگیرکراون دەگاتە 98 کەس، هەروەها ژمارەی ئەو خێوەتانەی کە لابراون 96 خێوەتن، کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ خولی شەرعی و بۆ دەرکردنی سزای تۆڵەکردنەوە بەکاریان هێناوە.
هەڵمەتەکە بۆ حەوتەمین ڕۆژیش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەستی پێکرد، بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە کامپەکەدا، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئاسایش هەندێک ئەنجامی هەڵمەتەکە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا یان سبەی بەیانی ڕابگەیەنن.