نێچیرڤان بارزانی و سەرۆککۆماری ئیستۆنیا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە ئالار کاریس، سەرۆککۆماری ئیستۆنیا و لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێکرا.
لە پەیامێکی کورتدا نێچیرڤان بارزانی لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕە جڤاکییەکان بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ لە كاتى گهيشتنيدا بۆ ههولێر، پێشوازیم لە بەڕێز ئالار کاریس سەرۆککۆماری ئیستۆنیا کرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، “سوپاسی جهنابى سەرۆکم کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانيی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر”.
هاوەڵ لە گەڵ سەرۆککۆماری ئیستۆنیا، شاندێکی پلە بەرزی ئەو وڵاتە و شاندی هەرێمی کوردستانیش، بەشداری دیدارەکە بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، “لە دیداری ئەمڕۆماندا، تاوتوێی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکەین”.
سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئیستۆنیا، کە وڵاتێکی باکووری ئەوروپایە و ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ، لە کاتێکدایە کە پێرێ شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر چەند ماڵ و ناوچەیەکی سڤیل لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و 16ی دیکە بریندار بوون.