تورکیا گوندەواری عەین عیسا بۆردوومان دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و هاوەنەوە چەند گوندێکی سەر بە گوندەواری عەین عیسایان لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، تورکیا گوندەکانی گوندەواری رۆژئاوای شاری گرێ سپی و گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێی بۆردومان کرد و زیانی ماڵی زۆری بە موڵک و ماڵی دانیشتووان گەیاند.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هێزەکانی تورکیا گوندەکانی (الخالدییە، ئەلعەلیمات، ئەلمەستوور، جەدیدە، و مەعەلەق)یان لە گوندەواری رۆژئاوای ناحیەی عەین عیسا بۆردومان کرد، ئەمە جگە لە کامپی عەین عیسا و رێگای نێودەوڵەتی (M4)”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆپبارانەکە گوندەکانی (سەیدا و موشەیریفە)ی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی عەین عیساش کردووەتە ئامانج.
بۆردومانەکە زیانی ماڵی لێکەوتەوە، کە کاریگەری لەسەر موڵک و ماڵی دانیشتوانی گوندەکان هەبووە، لەکاتێکدا هیچ زانیارییەک دەستنەکەوتووە کە ئاماژە بە بوونی زیانی مرۆیی بکات، بەپێی هەمان سەرچاوە.