ئەمریکا کار دەکات بۆ پۆلێنکردنی حوسییەکان وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی”
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا “بەم زووانە” پلانێک بۆ پۆلێنکردنەوەی حوسییەکان وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی” رابگەیەنێت.
ئەم هەنگاوە لە پاشخانی بەردەوامی هێرشەکانی گروپی حوسییەکاندا دێت لە دەریای سوور و هەڕەشەکانیان بۆ سەر کەشتیەوانی نێودەوڵەتی، پێشتریش فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی گروپەکە لە یەمەن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەێنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە لێدانی حوسییەکان، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی ناوەندی دەستبەسەرداگرتنی بارێکی چەکی ئێرانی راگەیاند، کە مووشەکی بالیستیک و پێکهاتەکانی لەخۆگرتبوو و لە رێگادا بوون بەرەو حوسییەکان لە یەمەن.
لای خۆیەوە جۆن کیربی، رێکخەری پەیوەندییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی و کەشتیەکانی بکات و “نایەوێت مەودای ململانێکان فراوانتر بکرێت”، جەختیشی لەوە کردەوە کە حوسییەکان بژاردەی ئەوەیان هەیە، بەوەی کە ئەم جۆرە هێرشانە رابگرن.