بەمزوانە باڵیۆزخانەی سعودییە لە دیمەشق دەکرێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” رایگەیاند، “بەم زووانە” باڵیۆزخانەی سعودییە لە دیمەشق دەکرێتەوە و ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی لە “رۆژانی داهاتوو”دا دەستپێدەکات.

مانگی ئایاری رابردوو، عەرەبستانی سعودییە و سووریا دەستپێکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان راگەیاند و لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سعودییەی ئەو کاتەدا هاتبوو: “دەستپێکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە دیمەشق لە پەیوەندی برایانە و سوور بوون لە سەر بەشداریکردن لە پەرەپێدانی کاری هاوبەشی عەرەبی و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، سەرچاوە دەگرێت”.

دوێنێ، ئەیمەن سوسان باڵیۆزی سووریا لە سعودییە و وەلید خرێجی، جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیەی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێکارەکانی بەرزکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی عەرەبی لە دیمەشق، کە بە رۆژنامە حکومییەکەی راگەیاندووە، بریکارێک لە سووریا دادەنرێت بۆ سەرۆکایەتیکردنی نێردەکە، تا ئەوکاتەی باڵیۆزی یەکجارەکی سعودییە لەوێ دیاریدەکرێت، کە “ماوەیەکی زۆر ناخاێنێت”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش