هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بڕیاریدا بە گرێدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەحمەد ئەبوغیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەێنراوێکدا، بێ ئاماژەدان بە کاتی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کە کۆمکاری عەرەبی بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجام بدات.
شەوی دووشەممە، بە مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سڤیل لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە چوار هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و 16ی دیکە بریندار بوون، سوپای پاسدارانی ئێران یەکسەر بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. ئێوارەی ئەمڕۆش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، “لە هەولێر بارەگای مۆسادمان کردووەتە ئامانج”.
راشیگەیاند کە هێرشەکەی هەولێر لە چوارچێوەی بەرگریکردندا بووە لە ئاسایشی وڵاتەکەیان”.