رێکخراوێکی نێودەوڵەتی داوای پاراستنی ناوەندە پزیشکییەکانی و کارمەندانیان دەکات لە رۆژئاوای کوردستان
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی پزیشکانی جیهانی داوای پاراستنی ناوەندە تەندروستییەکان و کارمەندانیان دەکات لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
لە 25ی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، چەند ناوچەیەکی شاری کۆبانێ و گوندەوارەکانی، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران و لەنێویاندا بنکەیەکی تەندروستی هەبوو کە بە پاڵپشتی رێکخراوی پزیشکانی جیهانی کاردەکات.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە راپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، “هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل لە باکووری سووریا پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “تورکیا شوێنە جیاجیاکانی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر بنکەی تەندروستی مەشتەنوور لە کۆبانێ، کە ئێستا بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لەکار وەستاوە”.
راشیانگەیاند، لە ساڵی 2020ەوە ئەو ناوەندە پزیشکییە خزمەت دەکات، کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە 110 هەزار کەس کردووە، ئەمە جگە لەوەی ئاماژەیان بە رادەی زیانەکانی سەر بنکە تەندروستییەکە کردووە.
لە راپۆرتەکەیدا تیشکیان خستۆتە سەر نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەت بە شۆردنەوەی گورچیلە و کارگەیەکی ئۆکسجینی پزیشکی لە شاری قامشلۆ، کە کەوتوونەتە بەر هێرشی جیای تورکیاوە، روونیشیانکردوەتەوە، کە ئەو نەخۆشخانانە ساڵی 2021 دامەزراون، ئامانجیشیان دابینکردنی خزمەتگوزارییە بە تەواوی رۆژئاوای کوردستان.
نیکۆلاس دوتا، بەڕێوەبەری گشتی پزیشکانی مۆندۆ لە ئیسپانیا لە راپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، “تیمەکانی رێکخراوەکەمان لەسەر زەوی شاهیدی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکانی وەک کۆلێرا، سورێژە، لیشمانیا، هەوکردنی توندی هەناسەدانی نەناسراو و نەخۆشی دیکە بوون، کە تووشی هەزاران کەس لە دانیشتووانی سوریا دەبن”.
راشیانگەیاند، “ململانێکان لە سووریا زۆرێک لە پیشەگەرەکانی ناچارکردووە لە وڵاتەکە هەڵبێن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارمەند لە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان بەتایبەتی پزیشکانی پسپۆڕ بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە پەرەسەندووەکانی دانیشتوانی سووریا”.
گوتیشیان: “هێرشکردنی هەڕەمەکی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل پێشێلکردنی یاسە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە”، داوای رێزگرتن و پاراستنی سەلامەتی کارمەندانی ژێرخان و چاودێری تەندروستی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن، کە زیاتر لە 12 ساڵە ململانێدان.
دوتا ئاماژەی بەوەشدا، کە “دەوڵەتانی ئەندام لە رێککەوتننامەکانی جنێڤ پابەندن بە رێزگرتن و دەستەبەرکردنی یاسای مرۆییە نێودەوڵەتیەکان، دەبێت ئەوپەری توانای خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنن”. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی