بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە وێستگەی سوەیدییە 100% وێران بووە و کەڵکی نۆژەنکردنەوەی نەماوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەکرەم سلێمان، هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە لە هەرێمی جەزیرە رایگەیاند، دامەزراوەی غازی سوەیدییە بە رێژەی 100% وێران بووە و کەڵکی نۆژەنکردنەوەی نەماوە.
بۆردومانەکانی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار وێستگەی سوەیدییەیان لە گوندەواری شاری دێریک لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و توندوتیژترینیان دوێنێ دووشەممە بوو کە کرایە سەر وێستگەکە.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەریی خۆسەریی بە نۆرس پرێس راگەیاند، “دوێنێ کاتژمێر 10:15 خولەکی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دامەزراوەی غازی سوەیدییان کردە ئامانج، کە تاکە دامەزراوەی هەرێمی جەزیرە و رۆژئاوای کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی تورکیا راستەوخۆ پێنج تۆرباینی دامەزراوەی کارەبای کردووەتە ئامانج و بەتەواوی لەناوچوون، هەروەها حەوت تۆرباینی غازی سەر بە کۆمپانیای نەوتی رمەیلان کراونەتە ئامانج، ئەمە جگە لە گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕ و بزوێنەرەکانی کارەباش کراونەتە ئامانج.
سلێمان روونیشیکردەوە، ئێستا دامەزراوەکە لەخزمەتگوزاری دەرچووە و 100% وێران بووە و ناتوانرێت بەهیچ شێوەیەک نۆژەن بکرێتەوە، گوتیشی، ئەم دامەزراوەیە ستراتیژییە بۆ ناوچەکە، بەوپێیەی کارەبا بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک بیری ئاو، نەخۆشخانە، ئاشەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی تر دەبین دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەگید عەبدولمەجید، بەڕێوبەری وێستگەی غازی سویدییە، رایگەیاند، “رۆژی 14ی ئەم مانگە ، کاتژمێر 10ی بەیانی، وێستگەی غازی سویدییە 6 جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە هێرشی کراوەتە سەر، ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی تەواو و وێرانبوونی وێستگەکە”.
عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە زیانی زۆری بە کەرەستە و ئامێرە میکانیکی و کارەباییەکان گەیاندووە، هەروەها تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن تاوەکو تانکەکان لە غاز و توێنەرەوەکان بەتاڵکراونەتەوە.
روونیشیکردەوە، بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا بەتەواوی وەستاوە و پرۆسەی چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی زۆر قورسە و پێویستی بە توانایەکی گەورە هەیە لەڕووی دەزگا و کەرەستەی پێویستەوە و پێویستیان بە ماوەیەکی زۆرە بۆ ئەم کارە.
عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەدا کە تێچووی سەرەتایی تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەی غاز بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.