سیاسەتمەدارێکی سریانی: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا خزمەت بە ئەجێندای “داعش” دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سیاسەتمەدارێکی سریانی رایگەیاند، بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان خزمەت بە ئەجێندای رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات.

ماوەی چەند رۆژێکە ناوچەکە رووبەڕووی بۆردومانی بەردەوامی تورکیا بووەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، زیندانی سناعە، کە گیراوانی داعشی تێدایە، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان ئەندامی “داعش” هەوڵیانداوە دوای بۆردومانەکە لە زیندانەکە هەڵبێن.

سەنحەریب بەرسووم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی رایگەیاند، سەرقاڵکردنی بەڕێوبەریی خۆسەریی و هێزەکان لە ململانێیەکی دیکەدا “رێکخراوە توندڕەوەکە زیندوو دەکاتەوە”، گوتیشی، “بەئامانجگرتنی زیندانی سناعە” لە چوارچێوەی پلانی تورکیادایە بۆ لێدان لە بەڕێوبەریی خۆسەریی و زیندووکردنەوەی داعش”.

ئەو لێدوانانەی بەرسووم لە پەراوێزی راگەێنراوێکی 33 لایەنی سیاسیدا هات، کە لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە قامشلۆ، هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد.

لایەنەکان لە راگەێنراوێکی هاوبەشدا ئەوەیان خستەڕوو: “تورکیا دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ناوچەکە پەرەپێدەدات، بە سوودوەرگرتن لە سەرقاڵبوونی جیهان بە ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە”.

داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، رێبازێکی سیاسی “جیددی و کاریگەر” بگرێتەبەر، کە خواستی سوورییەکان لەبەرچاو بگرێت و کۆتایی بە شەڕ لە سووریا بهێنرێت.

ئەو بەرپرسە سریانییە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تورکیا کاروباری بژێوی و خزمەتگوزاری دانیشتووان بۆردومان دەکات و ئامانجیان ئاوارەکردن و گۆڕانی دیمۆگرافییە لە هەوڵیاندا بۆ “داگیرکردنی ناوچەی نوێ”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش