هەواڵگری فینلەند: رووسیا هەوڵدەدات کۆچبەران وەک سیخوڕ بنێرێت بۆ فینلەند

هێلسنکی – نۆرس پرێس

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری فینلەندا، رووسیا هەوڵدەدات بەشێک لە کۆچبەران وەک سیخوڕ بنێرێت بۆ فینلاند.

دەزگای هەواڵگری فینلەندا کە ناسراوە بە (سوپۆ)، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی حکومەتی فینلەندا “ئیولێ” رایگەیاند: “بەگشتی شێوازەکانی کارکردنی هەواڵگری رووسیا بریتین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەندێک کەۆچبەر، کە لە رووسیاوە دێنە فینلاند وەک سیخوڕ بەکاریانبهێنێت”.

لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار پەناخواز لە رێگەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە، کە هاوسنوورە لە گەڵ رووسیا، گەیشتوونەتە فینلاند.

هەواڵگری فینلەندا ئەوەشی روونکردەوە، کە رووسیا رێگای جیاواز دەگرێتە بەر بۆ ناچارکردنی ئەو کۆچبەرانە بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی بۆیان، لەوانە فشارکردن یان بەستنەوەی مەرجەکانی هاوکاریکردنیان بە مەرجەکانی چوونە دەرەوە لەو وڵاتە، یان بە هاوکاریکردنی داراییان.

لەدوای بوون بە ئەندامی فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ، دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەی باکووری ئەوروپا باس لە هەوڵەکانی رووسیا دەکەن بۆ درووستکردن فشار لە سنوورەکان و هانەردەکردنی لێشاوی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش دەچوێنن بەو هەوڵەی پێشووی بەلەرووس کە سەر سنوورەکانی پۆلەندا لە چەند ساڵی پێشوودا دروستیان کردبوو.

هەوڵگری فینلەند هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەم دۆخە نەدا، چونکە وەک خۆیان بە ئاژانسە فەرمییەکەیان راگەیاندووە، ئەمە “بەشێکە لە چالاکییەکانی ئۆپەراسیۆنە نهێییەکان”؛ بەڵام (سوپۆ) جەخت لەوە دەکاتەوە کە “هیچ دیاردەیەکی گەورە و بەرفراوان لەمبارەوە بوونی نییە”.

هەفتەی رابردووش دەیان کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنووری رۆژهەڵاتەوە بە رێگەی نایاسایی و لە سنوورە جیاوازەکانەوە گەیشتنە فینلاند.

دوێنێ دووشەممە، پاسەوانی سنووری فینلاند مەزەندەی ئەوەی کرد، رەنگە هەزاران کەس لە پشت سنووری رۆژهەڵاتی فینلاندەوە هەبن، کە بەنیازن بە شێوەیەکی نایاسایی روو لەو وڵاتە بکەن.