راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق: هەموارکردنەوەی دەستوور بە دوورکەوتنەوە لە ململانێ سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، حەسەن یاسری، راوێژکاری کاروباری دەستووری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە هەموارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی دیدگایەکی جیاواز و نوێ و بە دوورکەوتنەوە لە ململانێ سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت.
یاسری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کە “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کارووباری هەموارکردنەوە لە دەستووری وڵاتدا دەکات کە پێشکەشی کراوە”. گوتیشی: “ئێستا پاش تێپەڕینی حەوت ساڵ کاتی ئەنجامدانی ئەو چاکسازییەیە، بە تایبەت کە ئێستا هزری سیاسی و پەرلەمانی و جەماوەری عێڕاق گۆڕاوە و وەک ئەوکاتە نەماوە کە دەستووری تێدا نوسراوەتەوە و بیر و بۆچوونی نوێ لەمبارەشەوە هاتوونەتە ئاراوە”.
جگە لەوەش باسی لە چەند قۆناغێک کرد، کە تیایدا هەوڵی هەموارکردنەوە لە دەستووردا هەبووە، یەکەمیان لە ساڵی 2006 بۆ 2009دا بوو و لیژنەیەکی بۆ پێکهێنرا بە ناوی (لیژنەی پیاچوونەوەی دەستوور)، کە بە گوتەی ئەو “ئەو کاتە کارێکی مەزنیان ئەنجامدا، بەڵام ناکۆکییە توندەکانی ئەو کاتە و ناکۆکی لەسەر دۆخی کەرکووک هەوڵەکانی لیژنەکە و کارەکانی لەبەربردن”.
راشیگەیاند کە هەوڵی دووهەم بۆ هەموارکردنەوە لە دەستووردا لە ساڵی 2019دا بوو، لە کاتی کابینەکەی “عادل عەبولمەهدی”دا، بەڵام لەو کاتەدا خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان سەریانهەڵدا و ئەم هەوڵەش هەر لە سەرەتای دەستپێکیەوە شکستی هێنا.
بە گوتەی حەسەن یاسری، “پڕۆژەی هەموارکردنەوەی ئەمجارە جیاوزە لە پرۆژەکانی دیکە، بە تایبەت کە خاوەنی دیدگا و هزریکی جیاوازە لەوانە پێشوو و لە سەر چەندین بنەمای جیاواز بونیاتنراوە، لەوانە دوورکەوتنەوە لە بیرۆکەی هەموارکردنەوە لە تەواوی بڕگەکانی یەکەم بۆ بڕگەی کۆتایی (144)، چونکە چاکسازی سەرتاسەری لە بڕگەکاندا بە مانای داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ دێت و ئەمەش ناکۆکی سیاسی و پەرلەمانی و جەماوەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەک ئەوەی لە دوو پڕۆژەکەی دیکەدا روویاندا”.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی وابوو، کە دەبێت سوود لە شکستی پرۆژەکانی پێشوو ببینرێت، هەروەها سوود لە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، ئیسپانیا، کەنەدا و وڵاتانی تازەی پێگەستووی دیکە ببینرێت لە ئەنجامدانی چاکسازی لە دەستووردا.
لە کۆتاییدا یاسری ئەوەی خستەڕوو، کە بۆچوونی ئەوان لە ئەنجامدانی چاکسازی لە دەستووردا لە سەر بنەمای قۆناغ بەقۆناغ دارێژراوە، بە جۆرێک سەرەتا چاکسازی لەو ماددانەدا دەکرێت کە هەموو لایەک لەسەر پیویستی ئەنجامدانی چاکسازی تێیاندا کۆکن، وەک ماددەکانی 70 و 76، کە تایبەتن بە دیاریکردنی لایەنی براوە لە هەڵبژارن و دیاریکردنی سەرۆککۆمار بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ.
ئەمە جگە لە هەموارکردنەوەی هەندێک تێکست و دەستەواژە لە دەستووردا، کە پێوستیان بە چاکسازییە، بە تایبەتی ئەوانەی کە تایبەتن بە دەستە سەربەخۆکانەوە و جیاکردنەوەیان لەو لایەنانەی کە بە وەزارەتەکانەوە نەبەستراونەتەوە.