مەسرور بارزانی: نابێ هێرشهكانی سهر ههولێر بێ وهڵام بمێننهوه
ههولێر – نۆرس پرێس
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆسی سویسرا، سهبارهت به هێرشەکەی شهوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر وتی: لە هێرشێکی بێ پاساو و نامەردانە دیسان هەولێر کرایە ئامانج.
دهشڵێت ئەوانەی کراونەتە ئامانج، بەهیچ جۆرێک تێکەڵاوی هیچ کارێکی سیاسی یان سەربازی نەبوون. تەنها کاسب و بازرگانی سەرکەوتووبوون کە توانیویانە زیاتر خزمەتی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەن. ئێمە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەین. بەتایبەت کە دژ بە خەڵکی سڤیل دەکرێت.
مەسرور بارزانی راشیگهیاند ئەم هێرش و دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بێ پاساوە، ، نابێت هێرشەکانی سەر هەولێر بەبێ وەڵام بمێننەوە، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بێت و رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی بژین.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان وتیشی هەندێک دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە، ئەم پرسە باس دەکرێت دوای دیدارەکان بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەبێت، بۆ ئەوەی بزانین هەڵوێستی ئەو وڵاتان چی دەبێت.