مامۆستایانی کۆبانی رێپێوانێکی ناڕەزایی دژ بە کردەوەکانی تورکیا رێکدەخەن
کۆبانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، مامۆستایانی شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان ڕێپێوانێکی ناڕەزایییان لە دژی کردەوەکانی تورکیا لە ناوچەکە ڕێکخست.
مامۆستایان لەبەردەم قوتابخانەی “شەهید سەیدۆ”، لە ناوەندی کۆبانی، راگەێنراوێکیان خوێندەوە، کە تیایدا هاتووە تورکیا منداڵان و خوێندکارانی قوتابخانەکان دەکاتە ئامانج و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدات
لە رێپێوانەکەدا مامۆستایان و خوێندکارانی کۆبانی بەشداربوون، کە دروشمیان بەرزکردەوە لەسەریان نووسرابوو، “ئەردۆگان داهاتوومان دەدزێت.”
ژمارەی قوربانیانی منداڵان بۆ ساڵی 2022، بەپێی ئەوەی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە کۆبانی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، گەیشتووەتە 10 منداڵ، لەنێویاندا منداڵێک گیانی لەدەستداوە، 9ی دیکەش برینداربوون کە منداڵێکیان قاچێکی لەدەستداوە، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی.
لە کاتێکدا کۆتا ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵان بۆ ساڵی 2021 دە منداڵ بووە، کە پێنجیان گیانیان لەدەستداوە و پێنج تیش بریندار بوون، “بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ”.
لە راگەێنراوەکەدا مامۆستایان داوایان لە دەوڵەتە گەرەنتیدەرەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019 “ڕووسیا و ئەمریکا” کردووە، ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا ڕابگرن، هەروەها ڕێز لە پابەندبوون و بڕیارەکانیان بگرن.
هەر لە بەیاننامەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و کۆتایی بە “داگیرکاریی” تورکیا لە شارەکانی رۆژاوای کوردستان بهێنن.