بۆردومانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەك چەند شوێنێكی هەولێری كردە ئامانج لە ئەنجامدا ژماریەك هاووڵاتی بوونە قوربانی.
دوای هێرشەكە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە هێرشێکی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر چوار کەس گیانیان لە دەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوونە.
بەگوێرەی زانیارییەكان لە بۆردومانەكە ماڵی پێشڕەو دزەیی كە وەبەرهێنەرێكی شاری هەولێرە كراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە خۆی و منداڵێكی گیانیان لە دەستداوە.
دەنگی بەهێزی بۆردومانەكان، لەلایەن هاووڵاتیانی شاری هەولێر و چەند شوێنێكی دەوروبەری بیستراوە، سوپای پاسدارانی ئێرانیش هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ژمارەیەک بارەگای گروپە دوژمنکارەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، بەڵام ئەمە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکرایەوە بەوەی قوربانییەكان خەڵكی مەدەنی بوون و ماڵ و خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی زیانیان بەركەوتووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە، هەروەها حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نابێت لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ بن.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی توندی بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت.
دوای هێرشە موشەكییەكەش، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە بەحركەی نزیك هەولێر لە هەولێر خستووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
لای خۆیەوە ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، بە توندی سەركۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەین بۆ سەر هەولێر، و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین. جەختیشی لە دژایەتیکردنی بۆردومانی مووشەکی ئێران و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە “ بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق.