مه‌سه‌ده‌: ئامانجی تورکیا له‌ هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، زیندووکردنەوەی داعشە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، ئه‌مڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان، زیندووکردنەوەی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) و لێدانی ئاسایش و سەقامگیری و دروستکردنی پشێوییە لە ناوچەکەدا.

هه‌رئەمڕۆ به‌ڕێوبه‌ری خۆسەری له‌ رۆژئاوای كوردستان لە راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاندبوو، تورکیا لە میانی هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 70 هێرشی ئه‌نجامداوه‌.

مه‌سه‌ده‌ لە راگه‌یه‌ندراوێكدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە ده‌ڵێت ئامانجی هێرشەکانی تورکیا داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە و ئەنجامدانی ئاوارەیی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو تاوانە جەنگییانەی کە تورکیا لە دژی رۆژاوای كوردتان ئەنجامی دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێرشەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌، ده‌بێـه‌ هەڕەشەیەکی رژد بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

داوای لە حکومەتی سوریا و وڵاتانی عەرەبیش کردووه‌ بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و کار بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا بکەن.

هەروەها داوای لە ئەمریکا و ڕووسیا کردووه‌ ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی ماف و گیانی خەڵک و رۆڵێکی کاریگەر و چارەنووسساز لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بگێڕن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و ئه‌نجامدانی لێپرسینەوە لەگەڵیدا بەهۆی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی