کوژرانی دوو ئەندامی لایەنەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین
عەفرین- نۆرس پرێس
دوێنێ شەو، لە هێرشێکی کەسانی چەکداری نەناسراودا بۆ سەریان لە شاری عەفرین، دوو ئەندامی گروپی “جەبهەی شام”ی سەر بە تورکیا، کوژران .
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کەسانی نەناسراو “محەممەد جەمال خلۆ” و “موسعەب ئۆسۆ”یان کوشتووە، کە لە ریزەکانی لایەنی “جەبهەی شام” لە شاری عەفرین کاریان دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو دوو ئەندامە لە چوارچێوەی ئەوەی بە “ئەمنیە کاوە” ناودەبرێت لە هەمان گروپ لە عەفرین کاردەکەن.
ئەم بە ئامانجگرتنە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەفسەرێکی سوپای نیشتمانی لایەنگری تورکیا بە ناوی “مستەفا ئەلعیسا” جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامانی “ئەمنیە کاوە”ەوە هێرشی کرایە سەر.
لە بیست و دووی ئەم مانگەدا، “العیسا”، ئەفسەری گرنگی گروپی سوڵتان موراد، لە پۆستێکدا لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیبووی، جیابوونەوەی خۆی لەو دامەزراوانە رادەگەێنێت کە “لاوازەکان بەهێز دەکەن، و لە پاڵ شەبیحەکاندا دەوەستن “
ئەلعیسا ڕەخنەی لە وەزیری بەرگری حکومەتی “کاتی” سوریا و بەشی پۆلیسی سەربازی و سەرکردەکانی گروپەکە گرت، کە بەڵێنیان پێدا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە پێشێلکاری بەرامبەری ئەنجام داوە و سوێندی خوارد “مافی خۆی بە دەستی خۆی وەرگرێتەوە، دوای ئەوەی هەموو ئەوانەی بەڵێنیان پێدابوو نەیانتوانی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بکەن.”
ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیادان، دۆخێکی پشێوی ئەمنی بەخۆوە دەبینن، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی حاڵەتی شەڕ و تیرۆر و ئەو گروپانە ناتوانن کۆنترۆڵی ئاسایشی ئەو ناوچانە بکەن.