هاوکات لە گەڵ پەرەسەندنەکانی ئێران و تورکیادا.. لە دێرەزوور هێرش دەکرێتە سەر “هەسەدە”
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، چەکدارە نەناسراوەکان بارەگا و بازگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
چەکدارەکانی شانەکانی “داعش” بارەگا و شەڕڤانانی “هەسەدە” لە دێرەزوور دەکەنە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا چالاکییەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵکشانی ئێران لە دێرەزوور و هەڵکشانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان پەرەی سەندووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە ئاڕ پی جی و رەشاش، سێ بنکەی پاسەوانی هێزەکانیان، کە لە کەناری فورات لە نێوان شارۆچکەکانی کشکیە و ئەلتەیانە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور جێگیربوون، کردووەتە ئامانج.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا “هەسەدە” هەڵمەتی پاکتاوکردنی دەستپێکردووە و کاروانی سەربازی لە ناوچەی هێرشەکە ئەنجامداوە.
لە شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، هێرشبەرانی نەناسراو بە چەکی “ئاڕ پی جی” بۆردوومانی بارەگایەکی “هەسەدە”یان کرد لە گەڕەکی ئەللتوا، لە نزیک رووباری فورات، بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان روویدا، کە چەند خولەکێکی خایاند، هێرشبەرەکان ناچار کران بکشێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قوربانییەک لە نێو شەڕڤاناندا تۆمار بکرێت.
چەکدارەکان بە رەشاش هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە نزیک پردی شارۆچکەی درنج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێبکەوێتەوە.