بەدران چیاکورد بەرپرسیارێتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا دەخاتە ئەستۆی رووسیا و ئەمریکا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی بەزنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی، راستەوخۆ ئیدارەی ئەمریکا و فیدراسیۆنی رووسیای لە هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکە بە بەرپرسیار زانی.
تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی سنووری و ناوچەکانی هێڵی بەرکەوتن لە دێریکەوە لە رۆژهەڵاتەوە تا مەنبیج لە رۆژئاوا، بۆردومانەکانیشی بوونەتە هۆی وێرانکاری ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ماڵ و موڵکی دانیشتووان و کەوتنەوەی قوربانیانی سڤیل و سەربازی.
چیاکورد لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، “هێرشەکانی تورکیا بەشێکن لەو شەڕی قڕکردنەی، کە حکومەتی تورکیا لە دژی پێکهاتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات و هەوڵێکی بەردەوامە لەلایەن ئەوانەوە بۆ تێکدانی هاودەنگی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان لە ناوچەکە و پرۆسەی سیاسی بە سەرۆکایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانە بە “تاوانی جەنگی رێکخراو بەتەواوی دادەنرێن، هەربۆیە پێویستە کار لەسەر لێپێچینەوەی یاسایی و دادوەریی بەرپرسانی رژێمی تورکیا بکرێت”.
جەختیشی کردەوە، کە “هەریەک لە ئەمریکا و رووسیا دەبێت فشار بخەنە سەر لایەنی تورکیا، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانیان رابگرن و دووبارەی نەکەنەوە، هەروەها هێزەکانیان پابەندن بە مافی وەڵامدانەوە بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارانەی لەو ناوچانەوە ئەنجام دەدرێن، کە تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانیان داگیریان کردووە”.
لە پۆستەکەیدا داوای لە ئەمریکا و رووسیا کرد ئەم دۆسیەیە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکەن و بڕیارێک بدەن لە دژی ئەو لایەنەی کە بڕیارنامەی ئاگربەست پێشێل دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سووریا دەریچاندووە و لە بڕیارنامەی 2254دا هاتووە.