بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە وێستگەکانی کارەبا لە رۆژئاڤا لە کار کەوتوون

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ سەریان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، حەوت وێستگەی کارەبا لە رۆژئاوای کوردستان لە کار کەوتوون.

بۆردومانەکانی تورکیا دووجار وێستگەی شاری کۆبانێیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کارەبای ئەو شارە و 400 گوندی سەر بە کۆبانێ پچڕان.

فڕۆکەیەکی تورکیا وێستگەی گواستنەوەی کارەبای لە عەین عیسا لە گوندەواری رەققە بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە کارەبای ئەو وێستگەیە و 150 گوندی سەر بەوێ پچڕان.

بە گوتەی بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەریی خۆسەریی، لە قامشلۆ بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر وێستگەی کارەبا بووە هۆی ئەوەی کارەبای زیاتر لە سەدا 60ی شارەکە و گوندەوارەکانی رۆژهەڵات ببڕدرێت.

لە عامودێ بۆردومانەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 90 گوند و لە ترپەسپیش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 190 گوندی دەورووبەری.

درباسیەش لە باکووری حەسەکە بەهەمان شێوە بەر بۆردومانی تورکیا کەوتووەت و بەهۆیەوە زیان بە وێستگەی کارەبای شارەکە گەشت و کارەبای پچڕا.

لە کاتژمێرکانی درەنگانی ئەمشەودا، تورکیا وێستگەی غازی سوەیدییەی لە گوندەواری دێریک بۆردومان کرد، کە وزە بۆ دەیان وێستگەی گواستنەوەی کارەبای دابین دەکات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش