لە ماوەی یەک کاتژمێردا تورکیا پێنج دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كرد

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پێنج دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە شار و قەزاکانی رۆژئاوای كوردستان بۆردومان کرد.

سەرچاوە خۆجێیەکانی ناحیەی عامودێ بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، تورکیا وێستگەیەکی گۆڕینی کارەبای لە شارەکەدا بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆری بە وێستگەکە گەیاندووە و پێدەچێت وێستگەکە لەکاربخات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی تورکیا كارگەیەكی مەدەنی لەسەر ڕێگای عامودێ- حەسەکە کردووەتە ئامانج، باس لەوە دەكرێت بۆردومانەكە برینداربوونی خەڵکی مەدەنی لێكەوتووەتەوە.

جگە لەوەش، پەیامنێری نۆرس پرێس لە کۆبانی ڕایگەیاند، بۆردومانێکی تورکیا کۆگایەکی گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی لە شارەکەدا کردووەتە ئامانج بۆردومانەکەش زیانی ماددی بە شوێنەكە گەیاندووە.

لە شاری قامیشلۆش، بۆردومانەکەی تورکیا وێستگەیەکی کارەبا و کۆگایەکی مەدەنی کردووەتە ئامانج.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی