
بەڕێوەبەری خۆسەری لە کۆبانێ: هێرشەکانی تورکیا تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە
کۆبانێ – نۆرس پرێس
بەڕێوەبەری خۆسەری لە کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند هێرشەکانی تورکیا تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە و سنوور بەزاندنێكی ئاشكرایە.
لە دوو ڕۆژی رابردووەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان دەستپێکردووەتەوە بەهۆیەوە دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە کاركەوتن، گرنگترینیان لە کەرتی کارەبا و نەوت بوون.
بەڕێوەبەری خۆسەری لە کۆبانێ لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تورکیا لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە هەوڵدەدات ئامرازەکانی بژێوی دانیشتوان و دامەزراوەكانی بەڕێوەبەری خۆسەری لەناوببات کە کار بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە دەکەن.
ئاشکراشیکردووە، تورکیا دوو وێستگەی کارەبای لە عەین عیسا کردووەتە ئامانج کە وزەی كارەبا بۆ زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس دابین دەکات، هەروەها خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان لە شارۆچکەکە كراوەتە ئامانج، هەروەها نووسینگەیەكی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گواستنەوە، کارگەی لاڤارج بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵی لە گوندی شێخ چۆبان لە گوندەواری کۆبانێ بۆردومان كردووە و تا ئێستاش ئەم هێرشانە بەردەوامن.
بەڕێوەبەری خۆسەری داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەكات بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانانە بکەن کە دژی دانیشتوانی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراون.