بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر شارۆچكەی دێربەسی، سێ كەسی خێزانێک برینداربوون

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئاسمانییەكانی تورکیا بۆردومانی شارۆچکەی دێربەسییان لە باکووری حەسەکە كرد، بەهۆیەوە دایکێک و دوو منداڵی بریندار بوون.

لە هەینی ڕابردووەوە فڕۆکەکانی تورکیا چەندین شوێنیان لە رۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج و بەڕێوەبەری خۆسەریش ڕایگەیاندووە، بۆردومانەکە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی لەكار خستووە و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هێرشەكانی توركیا ڕابگرن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، بۆردومانەکەی تورکیا باڵەخانەی یەکێتی جووتیارانی لە دێربەسی، کارگەیەکی ئیسفەنجی لە گوندی قەنتەر و ماڵی دانیشتوویەکی لە گوندی کەربەتلی لە ڕۆژئاوای دێربەسی گرتووەتەوە.

لە بۆردومانەکەدا ئەحلام عەبدولڕەزاق تەمەن 35 ساڵ و دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی جان خالد حەسۆ و ڕۆژاد خالد حەسۆ كە تەمەنیان كەمتر لە سێ ساڵە بریندار بوون.

بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی “خەبات” لە دێربەسی گواستراونەتەوە، و هیچ زانیارییەک لەسەر ڕەوشی تەندروستییان وەرنەگیراوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش