میلیشیاکانی سەر بە تورکیا سەرانەیەکی نوێ بەسەر جوتیارانی عەفرینی داگیرکراودا دەسەپێنن
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
چەند رۆژێک لەمەوبەر میلیشیایەکی سەر بە تورکیا بە ناوی ‘سولەیمان شا’ کە بە ‘ئەلعەمشات’ ناسراون، سەرانەیەکی نوێیان بەسەر جووتیارانی ناحیەی ‘شییە’دا لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو سەپاند، ئەمە جگە لە سەرانەی، کە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەریش و سەرەتای وەرزی زەیتوندا سەپێندراوە.
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سەرۆکی میلیشیاکەدا، ‘محەمەد ئەلجاسم’ ناسراو بە ‘ئەبو عەمشە’دا سەپاند، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی سەر بە تورکیا، بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاریی دژ بە مافەکانی مرۆڤ.
سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، میلیشیاکە بڕی 2,5 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر درەختێکی زەیتون، وەک سەرانە وەردەگرێت کە ئەمساڵ بەرهەمەکەی دەچنرێتەوە.
ئەمە جگە لە سەپاندنی 1000 دۆلار بەسەر هەر تراکتۆرێکی کشتوکاڵیدا و 500 دۆلار بە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک و 10 هەزار دۆلار بە سەر هەر کارگەیەکی گوشینی زەیتوندا لە ناوچەکە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە ئەندامانی میلیشیاکە هێشتا بەردەوامن لە بڕینەوەی نەمام لە دارستانەکانی ناوچەکە، هەروەها “شەبیحە”کانی سەر بە میلیشیاکە لەڕێگەی گروپەکانەوە لە پلاتفۆرمی واتسئەپ هەڕەشە لە جووتیاران و دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن.