تورکیا وێستگەیەکی کارەبا و بازگەیەکی ئاسایشی رۆژئاڤا لە عەین عیسا دەکاتە ئامانج

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبا و خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاساییشی رۆژئاڤا)ی، لە شارۆچکەی عەین عیسا لە باکووری رەققە کردە ئامانج.

تورکیا ناوچەکان لە دێریکەوە لە رۆژهەڵاتەوە تا مەنبیج لە رۆژئاوا دەکاتە ئامانج، دوو رۆژ لەمەوبەر بۆردومانی تورکیا بۆ سەر شارۆچکەی عەین عیسا بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە گوندەکانی گوندەواری گرێ سپی.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەی عەین عیسا رایگەیاند، درۆنێکی تورکیا وێستگەی گواستنەوەی کارەبای شارۆچکەکەیانی کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامانجگرتنەکە زیانی ماڵی بەر وێستگەکە گەیاندووە، ئەمە جگە لەوەی زیان بەر فەرمانگەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە کەوتووە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەکە، هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی بۆردومانکردنی بازگەکەی ئاسایشەوە نەبووە و ئاسایشی رۆژئاڤا هیچ لێدوانێکی لەسەر بۆردومانەکە نەداوە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان