موقتەدا سەدر: رشتنى خوێنى عێراقى حەرامە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نیگەران بووە لەوەى روویداوە و گوتى: “داواى لێبووردن لە گەلى عێراق دەکەم و عێراق زەرەرمەندی یەکەمە لەوەى کە روویدا؛ بکوژ و کوژراو پێکەوە لە ئاگردان سەر بە هەرچ لایەنێک بن.”

موقتەدا سەدر گوتیشى: “پێشتر نیشتمانەکەم دیلى گەندەڵى بوو، بەڵام ئێستا دیلى گەندەڵى و تووندوتیژییە و هیوام دەخواست خۆپێشاندانى ئاشتییانە هەبێت بەبێ چەک. هەر شۆڕشێک تووندوتیژى لەگەڵدا بێت، شۆڕش نییە و من رەخنە لە شۆڕشى رەوتى سەدریش دەگرم.”
رێبەرى رەوتى سەدر ماوەى یەک کاتژمێرى دایە لایەنگرانى بۆ کشانەوە لە ناوچەی سەوز، هەڕەشەى ئەوەى کرد کە ئەگەر بەدەم ئەو داواکارییەوە نەچن، تەنانەت خۆی لە رەوتی سەدریش بێبەرى دەکات و گوتی، “رشتنى خوێنى عێراقى حەرامە.”
موقتەدا سەدر سوپاسى هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانى حەشدی شەعبی و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان کرد بۆ پاراستنى دۆخەکە.
دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر، لایەنگرانی دەستیان بە کشانەوە کرد و ناوچەی سەوزیان چۆڵ کرد.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای گوتارەکەی سەدر لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و پێشوازیی لەو بانگەوازە کرد و گوتی، بانگەوازەکەی سەدر بۆ راگرتنی تووندوتیژییەکان و رشتنی خوێنی عێراقییەکان “لەوپەڕی بەرپرسیارێتیدایە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها باسی لەوەش کرد کە بانگەوازەکەی سەدر هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تێدایە بۆ رێگە گرتن لە پەرەسەندنی تووندوتیژییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.