تورکیا 9 دەستگیرکراوی عەفرین دەگوازێتەوە بۆ زیندانەکانی وڵاتەکەی

عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 9 دەستگیرکراوی سوورییان لە زیندانی ‘کفرجەننە’وە، لە رۆژهەڵاتی عەفرینی داگیرکراو، گواستەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی وڵاتەکەی، کە لە نێویاندا ژنێکی تەمەن 27 ساڵ هەبوو.

لە ماوەی ئەم مانگەدا، ئەمە چوارەمین گواستنەوەی نایاسایی دەستگیرکراوانە لە ناوچە جیاکانی عەفرینی داگیرکراوەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

کارمەندێکی میلیشیای ‘شورتەی عەسکەری’ دڵسۆز بۆ تورکیا بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 9 دەستگیرکراویان لە زیندانی ‘کفرجەننە’وە گواستوەتەوە بۆ زیندانێک لە نێو خاکی تورکیا ، دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی 4 مانگ، بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ‘هەسەدە’.

بە گوتەی سەرچاوەکە، دوێنێ لە کاتی خۆرئاوابووندا، دەستگیرکراوەکانیان لە دەروازەی ئەلحەمامەوە، لە گوندەواری ناحیەی جندیرێس، بە هەماهەنگی لەگەڵ ‘شورتەی عەسکەری’ دڵسۆزی تورکیا بە دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی گواستووەتەوە بۆ زیندانەکەی تورکیا.

ئەو ژێدەرە بە نۆرس پرێسی وت، لەماوەی ئەم مانگەدا، ئەمە چوارەم جارە لە زیندانەکانی شاری عەفرین و گوندەوارەکەیەوە، دەستبەسەرکراوانی سووری بگوازرێنەوە بۆ ناو قوڵایی خاکی تورکیا، گوتیشی، ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی لەماوەی ئەم مانگەدا گواستراونەتەوە نۆ تورکیا گەیشتووەتە 33 کەس، کە پێنجیان ژنن.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەممەد