پاش کۆبوونەوەیەکی ئەمنی.. تورکیا درێژەدان بە جەنگەکەی لە سووریا و عێراق دووپات دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، لە راگەێنراوێکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا، کە پاش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی هات، بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، بەڵێنی تورکیا دووپاتکراوەتەوە بۆ درێژەدان بە جەنگ لە سووریا و عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوە ئەمنییەکەدا، کە بەرپرسانی باڵای تورکیا تێیدا بەشداربوون، جەخت لەسەر درێژەدان بە جەنگ لە دژی “تیرۆر” لە سووریا و عێراق کرایەوە، ئەمەش لە رێگەی ئاژانسی ئانادۆڵەوە بڵاوکرایەوە، کە نزیکە لە لایەنی حوکمڕانەوە لەو وڵاتە.

هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر “هەڵسەنگاندن بۆ ستراتیژییە هەمەلایەنەکانی دژ بە تیرۆر”، ئەمە جگە لەو هێرشەی رۆژی هەینی رابردوو، لە هەرێمی کوردستان کرایەسەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا نۆ سەربازی تورک کوژران.

لە کۆبوونەوەکەدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، عەلی یارلی کایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کالین، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری، فەهرەتین ئالتوون، بەرپرسی فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، مەتین گۆرەک، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا و عاکف چاگتای کیلیتش، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆمار بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش، ئامادەبوون.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد