به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەری داوا لە لایەنەكانی په‌یوه‌ست به دۆخی سوریا ده‌كات بۆردومانەکانی تورکیا رابگرن
ره‌قه – نۆرس پرێس
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، ئه‌مڕۆ شەممە، داوای لە لایەنەكانی په‌یوه‌ست به دۆخی سوریا كرد، ئه‌و هێرشه ” بێ پاساووانه‌ی” توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان رابگرن، چونكه بۆته هۆی تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاسته‌نگی له به‌رده‌م بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دروست كردووه.
دوای نیوەشەوی دوێنێ هەینی/شەممە، تورکیا دەستیکردەوە بە ئامانجگرتنی ژێرخانه خزمەتگوزاریه‌كان و دامەزراوە نەوتییەکان لە قامشلۆ و دێریکی رۆژئاوای كوردستان.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەری لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، “دەوڵەتی تورکیا به رون و ئاشكرا هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە ده‌كات و ئاسته‌نگ له به‌رده‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر دروست ده‌كات.
بۆردومانەکەی تورکیای بە “هەوڵێکی ئاشکرا” زانی بۆ تێكدانی سه‌قامگیری، بەتایبەت له‌و كاته‌ی کە زەمینەیەکی گونجاو دروست بووه بۆ سەقامگیری و گەیشتن بە هەلومەرجی گونجاو بۆ چارەسەركردنی دۆخی سوریا.
هۆشداری دا لە کاردانەوەی بۆردومانەکان بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، كه یارمه‌تی ده‌ره بۆ گەڕانەوەی تیرۆر و ململانێ نەتەوەیی و تائیفه‌گه‌ری.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەری داوای لە لایەنەكانی په‌یوه‌ست به دۆخی سوریا كرد، کە ئاگاداری مەترسییەکانی هێرشه “بێ پاساوه‌كان” و کاردانەوەی نەرێنی لە سەر سەقامگیری ناوچه‌كه و دۆخی مرۆیی بن، كه ئاسته‌نگ له بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دروست ده‌كات و ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندڕەوی.
داوای له ڕێکخراوەکانی یاسایی و مافی مرۆڤ نێودەوڵەتییەکان كرد، به رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆیان هه‌ڵبستن له به‌رده‌م ئه‌م هه‌ره‌شانه.