دێره‌زوور.. ناكۆكی له‌سه‌ر دەروازەیەکی قاچاخچێتی کوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

دێره‌زوور – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ هەینی، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو بنەماڵە لە شاری عەشارە لە گونده‌واری دێرەزوور، دوای ناکۆکی لەسەر کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە دەروازەکانی به‌ قاچاخ کە لەم دواییانەدا کرایەوە، سێ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری سەرچاوەکانی شارەکە ڕایگەیاندووه‌، شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان دوو بنەماڵە لە شاری عەشارە لە گونده‌واری دێرەزوور ڕوویدا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر دەروازەیەکی قاچاخچێتی لە نزیک شارۆچکەی درنج.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەی جابر و نەجرەس دروستبووە، لە ئەنجامدا دوو کەس لە بنەماڵەی جابر و کەسێكیش کە تا ئێستا ناسنامەکەی دیارینەکراوە کوژراون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک برینداریشیان هەبووە.

ڕوونیشیکردەوە، ناکۆکییەکە وەک کێشەیەک لە نێوان گروپەکانی “دیفاع وه‌ته‌نی” و گروپی قاترچی دەستیپێکردووە، دواتر پەرەی سەندووە بۆ ئەو دوو بنەماڵەیە.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی