هیومان ڕایتس وۆچ: هێرشەکانی تورکیا ژێرخانی رۆژئاوای كوردستانی تێكداوه
قامشلۆ – نۆرس پرێس
هیومان ڕایتس وۆچ رایدهگهیهنێت، هێزە چەکدارەکانی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان چڕکردووەتەوە، ئەمەش بووەته هۆی لەناوچوونی ژێرخانی گرنگ و بڕینی ئاو و کارەبا لهسهر ملیۆنان کەس.
رێكخراوهكه لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووه، لە ساڵی 2023 هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریادا روویهڕووی پێشێلکاریی قورس بوونهوه لەلایەن حکومەتی سوریا و لایەنەکانی دیکەی ململانێکانەوە لهوكاتهی وڵاتەکە دووچاری قەیرانێکی ئابووری سەخت بووهتهوه.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرانسەری وڵاتدا، سوورییەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی مرۆیی بوونەتەوە و زیاتر لە 90% یان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ههروهها هێشتا سوریا پارێزراو نییه و شهڕو پێكدادان لە هەڵکشاندایە، وڵاتانی تورکیا و لوبنانیش دەستیان بە دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی و گەڕانەوەی بەرفراوانی هەزاران هاووڵاتی سووری كردووهتهوه.
ڕاپۆرتەکە لە زاری ئادەم کوگل جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، نووسراوه و ئاماژەی بەوەکردووه، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە سوریا، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و هەراسانکردن و وەرگرتنی پارە. له ههمانكاتدا بە ملیۆنان دانیشتووی ئەو وڵاتە خۆراکی کوالیتی پێویستیان به دهست ناگات یان نەیانتوانیوە بەرگەی تێچووی بهرزی نرخی خۆراك بگرن، چونکە حکومەتی سوریا هاوکارییە خۆراکیەکانی نههێشتووهو نهیتوانیوه چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوورییە بكات کە لە ئەنجامی لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری و قەیرانەکانی وڵاتانی دراوسێ دروستبووە، جگە لە کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییە گشتگیرەکان لەسەر سوریا
ئهوهش خراوهتهڕوو لە ئیدلب، هێرشی هێزە سەربازییەکانی سوریا- ڕووسیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی له ساڵی رابردوو بەردەوام بوو، چەکی قەدەغەکراویشی تێدا بهكارهاتووه.