ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بە فەرمی گرێبەستێکی لەگەڵ بەرگریکاری جێنوای ئیتاڵی واژۆ کرد بۆ زستانی ئەمساڵ.
تۆتنهام لە راگەێنراوێکدا لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە: “خۆشحاڵیمان رادەگەێنین لە ئەنجامدانی گرێبەست لە گەڵ رادو دراگۆسین، بەرگریکاری جێنوای ئیتاڵی، بە مەرجی وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن”.
لە راگەێنراوەکەی تۆتنهامی ئینگلیزیدا ئاماژە بەوەکراوە، یاریزانەکە گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ ئێمە واژۆکردووە تا ساڵی 2030، هەروەها درێسی ژمارە 6 لەبەر دەکات.
دراگۆسین تەمەن 21 ساڵ، پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە هەبوو، بەڵام سپێرزی ئینگلیزی سەرکەوتوو بوو لە رفاندنی ئەو یاریزانە و گواستنەوەی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری یانەکە.
چەندین راپۆرتی وەرزشی ئاماژە بەوە دەکەن کە گرێبەستی دراگۆسین وەک بەهایەکی جێگیر 25 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمە جگە لەوەی 5 ملیۆن یۆرۆ لە زیادکردنەکانی پەیوەست بە ئاست و بەشداریکردنی یاریزانەکە داریکراوە.