بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو رۆژدا.. درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایەخوارەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

بۆ دووەم جار لەسەر یەک لە ماوەی دوو رۆژدا ، درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی “داعش” کرابوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تێکشکێنرا.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە “کاتژمێر 18:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو، کە لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرابوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە”.

بەهەمانشێوە، شەوی چوارشەممە، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کە “کاتژمێر: 20:58، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە”.

بەهەمانشێوە رۆژی 5ـی کانوونی دووەم کاتژمێر، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر، کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکاردەهێنرا.

هێرشی  میلیشیا چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.