ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە حوسییەکان دەکات هێرشەکانیان لە دەریای سوور راگرن
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە حوسییەکانی یەمەن کرد دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیەکان لە دەریای سوور راگرن.
دوێنێ گروپی حوسییەکانی یەمەن هێرشێکی ئاڵۆزیان بەرەو رێڕەوی دەریایی لە باب ئەلمەندب بە 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ مووشەکی بالیستی دەستپێکرد، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە بەرپەرچدرایەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە حوسییەکان کرد کەشتیی گالاکسی لیدەر کە پەیوەندی بە بازرگانێکی ئیسرائیلییەوە هەیە، لە 19ی ئەم مانگە راگیرا، ئازاد بکەن.
محەممەد عەلی ئەلحوسی، سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن، لە لێدوانێکدا لەسەر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاسایشی کەشتیەوانی لە دەریای سووردا “گەمەیەکی سیاسییە”.
هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی رێڕەوی خۆیان بگۆڕن، حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانیان کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هەیە، بە گوتەی ئەوان ئەمەش وەک کاردانەوەیەکە بۆ ململانێکان لە غەززە.
بڕگەی سەرەکی لە بڕیارنامەکەدا، کە ئەمریکا و ژاپۆن پێشنیاریان کردووە، مافی وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاری کراوە کە “بەرگری لە کەشتییەکانیان بکەن لە هێرشەکان، بەتایبەت لەو هێرشانەی کە ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانی تێکدەدەن”.
ئەو بڕیارە بە زۆرینەی دەنگی 11 ئەندام دەنگی لەسەر درا، چوار وڵات لە نێویاندا رووسیا و چین، خۆیان لە دەنگدان بەدوورگرت و هیچ وڵاتێکیش ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیارەکە دەرنەبڕی.