“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان بۆ سەر “هەسەدە” لە دێرەزوور راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند.
شەوی پێنجشەممە، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر و پێگە و بارەگاکانی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە؛ چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی رەشاش و نارنجۆک بارەگایەکی ‘هەسەدە”یان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوورکردووەتە ئامانج، بە گوتەی ئاژانسەکەی داعش، بە هۆیەوە چەند شەڕڤانێکی “هەسەدە” برینداربوون.
لە راگەێنراوی دووهەمدا ئاماژەیان بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی رەشاش و نارنجۆکی دەستی، بارەگایەکی “هەسەدە”یان لە شارۆچکەی حەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی چەند شەڕڤانێکیان.
لە راگەێنراوی سێیەمیشدا، ئەعماق رایگەیاند، چەکدارانی “داعش” بە نارنجۆکی دەستی خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”یان لە حاوی ئەلحیسان و زیانیان کردۆتە ئامانج و لانیکەم ئەندامێکیش بریندار بووە.
بەڵام سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” پێشتر بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە هەرسێ هێرشەکە زیانی گیانی و برینداری لێنەکەوتەوە و زیانەکانیش تەنها لە ماڵیدا سنووردار بوون.