هێرشی درۆنێکی میلیشیاکان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە هەولێر پووچەڵکرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەوی چوارشەممە، دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی راگەیاند، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هێزە ئەمریکییەکان کە لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیر بوون، کردبووە ئامانج.

میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە کۆمەڵە چەکدارێکی هاوپەیمانی ئێرانن و پەیوەستن بە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر راگەیاند.

دەزگای دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەدا، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە بۆمب لە لایەن “میلیشیاکانی دەرەوەی یاساوە” بەرەو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاراستەکراو و خرایە خوارەوە.

لە راگەیەندراوەکەی ئاژانسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تا ئێستا روون نەبووەتەوە، ئایا لە ئەنجامی هێرشەکەدا بریندار هەبووبێت، یان زیان بە ژێرخانی ئابووری کەوتبێت.

واشنتۆن زیاتر لە جارێک وەڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە، بە بۆردومانکردنی شوێنەکانی میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق، هەروەها ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە سووریا، دوایینیان هێرشێک بوو لە بەغدا لە 4ی کانوونی دووهەمدا، کە بووە هۆی کوژرانی سەرکردەیەکی سەر بە بزوتنەوەی نوجەبا.

بەرپرسێکی ئەمنی لە لیواکانی حیزبوڵای عێراق هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە هێرشی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام بدەن و رایگەیاندبوو، ئەو هێرشانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردۆتە ئامانج تەنها سەرەتای رێسا نوێیەکانی شەڕکردنیان دەبێت.

 واشنتۆن 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیش لە سووریا جێگیر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی شەڕی “داعش”دا و لە نێو پێکهاتەی چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، کە لە ساڵی 2014 دامەزراوە.