تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات.. هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواو نەبوون

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشدارییدا، هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covid-19)ی بە مەترسییەکی گەورە زانی، بەو پێیەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.

 رێکخراوەکە روونیشیکردەوە، ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە وەرگیراون دەریانخستووە، کە تەشەنەسەندن و گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی مانگی رابردوودا زیادی کردووە.

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، کۆڤید-19 چیتر حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی جیهانی پێکناهێنێت، بەو پێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستاش بڵاودەبێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت و خەڵکێکی زۆر دەکوژێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەکان لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەن کە لە کەمتر لە 50 وڵاتەوە کۆکراونەتەوە کە زۆربەیان لە ئەوروپا و ئەمریکاوە هاتوون.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا، لە وڵاتانی دیکەدا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکە زیادی کردووە، بەڵام تۆمار نەکراون، داوای کرد رێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر لەلایەن کەسان و حکومەتەکانەوە دژ بە نەخۆشییەکان.

تێدرۆس داوای لە حکومەتەکان کرد بەردەوام بن لە چاودێریکردن و پۆلێنسازی ڤایرۆسەکاندا، هەروەها دڵنیابنەوە لەوەی پشکنین و چارەسەر و ڤاکسینی متمانەپێکراو بە نرخێکی گونجاو بەردەستن.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان