لە دێرەزوور چەند هێرشێک کرایە سەر “هەسەدە”

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی پێنجشەممە، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان.

پێگە و خاڵەکانی “هەسەدە” لە دێرەزوور دووچاری هێرشی بەردەوامی چەکداران دەبنەوە، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن سەر بە “رژێمی سووریا”ن، هەروەها هێرشی هاوشێوەش لە لایەن رێکخراوی “داعش”ی تیرۆریستییەوە دژ بە کارمەندان و خاڵە سەربازییەکانیان ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” له دێرەزوور رایگەیاند، کە چەکدارانی نەناسراو به هاوەن و چەکی ئاسایی بارەگای فەوجی حەوایجیان لە ناوەندی شارۆچکەکە، لە گوندەواری رۆژهه ڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج،  پێکدادانی توند روویداوە و هێرشبەرەکان ناچار بوون بکشێنەوە و زیانەکانیش تەنها لە زیانی ماڵیدا سنووردار بوون.

سەرچاوەکە دەڵێ، چەکدارەکان بە چەک هێرشێکی دیکەیان کردووەتە سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەلحەسەن لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی و برینداری لێبکەوێتەوە.

کەسانی نەناسراو بە RPG و رەشاش، دوو بنکەی پاسەوانی “هەسەدە”یان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیانی ماڵی بە بارەگاکان بگات.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان