رفاندنی منداڵان لە عەفرینی داگیرکراو بەردەوامی هەیە

عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس

لە ماوەی 24 کاتژمێردا شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان، سێ حاڵەتی رفاندنی منداڵانی خوار تەمەنی حەوت ساڵانی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دڵەڕاوکێی بەناو دانیشتوانی شارۆچکەکەدا بڵاوکردەوە.

چەند شارێکی رۆژئاوای کوردستان، کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیاندان، دۆخی ئاژاوە و ناسەقامگیری ئەمنی بەخۆوە دەبینن.

کاربەدەستێک لە “شورتەی عەسکەری” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “لە ماوەی 24 کاتژمێردا سێ حاڵەتی رفاندن لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین روویانداوە، ئەمەش لە ناو گەڕەکاندا روویانداوە، کە خەڵکی تیا دەژی، سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆری بازگە و کامێرای چاودێری لەو ناوچانەدا”.

  روونیشیکردەوە، ئەو منداڵە رفێنراوانە بریتین لە: “عاشق ئەلعموری (7 ساڵ)، ئەسعەد ئەلعەوید (3 ساڵ)، و کچۆڵەیەکی بچووک بە ناوی عەلا جەمووس (3 ساڵ)”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو منداڵە رفێندراوانە، میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانی تورکیایان لەو رفاندنانە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچیان نەکردووە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو منداڵانە بزانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی لە لایەن خێزانی منداڵەکانەوە هەیە سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکانیان، بەهۆی بوونی “باندەکان کە بازرگانی بە منداڵانەوە دەکەن، بەتایبەتیش بە هۆی بارودۆخی ئەمنی ناسەقامگیرەوە لەو ناوچانەدا”.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی