میلیشیاکانی سەر بە ئێران بنکەیەکی هاوپەیمان نێودەوڵەتی لە دێرەزوور دەکەنە ئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”، رایگەیاند کە بنکەیەکی ئەمریکایان لە کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان بە مووشەک کردۆتە ئامانج.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بنکەکەی ئەمریکا لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دوو جار بۆردومان کرا.

“مقاوەمە” لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە “چەکدارەکانیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکەی ئەمریکا لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور”.

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆدا، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی پەرەسەندنەکانی ناوچەکەوە، بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق، 127 جار هێرشیان کراوەتە سەر.

“مقاوەمەی ئیسلامی” دەڵێ بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی پێگەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، “بۆ پشتیوانیکردن لە غەززە”.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی