سوودانی باس لە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان دەکات لە عێراق
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، “عێراق لە رێگەی دانوستانەوە خوازیاری دەرچوونێکی خێرا و رێکخراوی ئەو هێزە سەربازییانەیە، کە لە لایەن ئەمریکاوە لە عێراق سەرکردایەتی دەکرێن”.
دووشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، لە ئێستادا بەنیازی کشانەوەی هێزەکانیان نین لە عێراق و سووریا، کە ژمارەیان نزیکەی 2500 سەربازە لە عێراق.
سوودانی بوونی هێزەکانی ئەمریکای لە ژێر رۆشنایی کاردانەوەی ناوچەیی شەڕی غەززەدا بە “ناسەقامگیر” زانی، بەڵام وادەی کۆتایی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دیاری نەکرد.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە دەرچوونی هێزەکان “دەبێت لە رێگەی دانوستانەوە رووبدات”، ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستیان بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان هەیە، بۆ ئەوەی ئامانجێک یان پاساوێک نەبن بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، دەست بۆ سەقامگیری عێراق و ناوچەکە ببات.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی پنتاگۆن رایانگەیاندووە، ئەو گروپانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، بە 52 هێرش بنکە ئەمەریکیەکانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج، سوپای ئەمریکاش بە لێدانی زیاتر لە سێ پێگە، گروپە عێراقییەکانی دڵسۆز بۆ ئێرانی کردووەتە ئامانج.