
رژێمی سووریا دەڵێ 7 درۆنیان لە گوندەوارەکانی ئیدلیب و حەڵەب خستووەتە خوارەوە
رەققە – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، 7 درۆنیان لە گوندەوارەکانی ئیدلیب و حەڵەب خستووەتە خوارەوە، کە لە لایەن “گروپەکانی” هەڵکەوتوو لەو گوندەوارانەوە هەڵدراون.
گوندەوارەکانی ئیدلیب و حەڵەب هەڵکشانی سەربازیی بەخۆوە دەبینن، لە نێوان هێزەکانی حکومەت کە لەلایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لەگەڵ دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کە تورکیا پاڵپشتی دەکات، پەرەسەندنەکە لە بۆردومانی حکومەت بە مووشەک و تۆپخانەکان و دزەکردنی میلیشیاکانی “نوسرە” و بەئامانجکردنی پیگەکانی حکوومەتدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری رژێمی سووریا خستنەخوارەوە و لەناوبردنی 7 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی راگەیاند، کە بە گوتەی خۆیان لەلایەن “تیرۆریستان”ەوە لە گوندەوارەکانی حەڵەب و ئیدلبەوە هەڵدراون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، فڕۆکەکان ئاراستەکراون بۆ “هێرشکردنە سەر” پێگەکانی هێزەکانیان و ئەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیلیان تێیدا نیشتەجێن.