هەواڵگری تورکیا ژمارەیەك بەندكراو لە سەرێ كانیی رۆژئاوای كوردستانەوە دەگوازێتەوە خاکی خۆی
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵگریی تورکیا ژمارەیەك بەندكراوی لە زیندانی دژە تیرۆر لە شاری سەرێ كانی رۆژئاوای كوردستان گواستەوە بۆ خاکی خۆی، ئەمەش پێنجەمین جارە کە تورکیا لەماوەی ئەم مانگەدا بەندكراوان لە رۆژئاوای كوردستانەوە بۆ زیندانەکانی توركیا بگوازێتەوە.
گواستنەوەکان لەسەر بنەمای دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان بووە زیاتر تۆمەتی کارکردن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان دراوەتەپاڵ، بەبێ ئەوەی دەستگیرکراوەکان بخرێنە بەردەم هیچ دادگایەک.
بەرپرسێک لە گروپی شورتەی عەسكەری دڵسۆز بۆ تورکیا ڕایگەیاند، هەواڵگری تورکیا شەش دەستگیرکراوی لە بەشی شورتەی عەسكەری وەرگرتووە کە کچێکیان تیادا بووە و لە ڕێگەی دەروازەی سەرێ كانییەوە گواستویانەتەوە بۆ زیندانی هێلوان لە ئورفای باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و دەستگیرکراوەکانیش بریتین لە؛ «سەفا نازی»، «ئەسعەد نازی»، «سەلام عەبدولقادر»، «زیاب بەلیخ »، مەهدی نەداوی»، «عەتائەڵڵا غەزبان».