پێنتاگۆن جەخت لەسەر پێویستی درێژەدان بە شەڕی دژی “داعش” دەكاتەوە لە سوریا و عێراق

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) جەختی لەسەر پێویستی درێژەدان بە شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) كردەوە.

پشتڕاستکردنەوەی پێنتاگۆن لەژێر ڕۆشنایی هەڵکشانی هێرشی سەر بنکەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سوریا و عێراق، لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێرانەوە، بەجۆرێك لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوەوە 127 هێرش كراوەتە سەر بنکەکانیان لە سوریا و عێراق .

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندوە، پێویستە بەردەوام بین لە ڕاوەدوونانی داعش لە سوریا و عێراق، بۆ ئەوەی ڕیزەکانی ڕێک نەخاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرش و جموجۆڵەکانی لە سوریا زیاتر كردووە و هێزەکانی حکوومەت و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەكاتە ئامانج، هاوکات ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکەن ڕێکخراوەکە لە ماوەی داهاتوودا بەرەو قۆناغێکی نوێ لە هێرشەکانیدا هەنگاو بنێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات بە هێرشکردنە سەر خاڵە سەربازییەکان خۆی چەکدار بکات، پێشبینیش دەکات بە هێرشکردنە سەر شارە ستراتیژییەکان پێگە و رووبەری مانەوەی فراوان بكات.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان