هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەرپەرچی هێرشێکی ئاڵۆزی حوسییەکانیان لە دەریای سوور دایەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

پنتاگۆن ڕایگەیاند ئێوارەی ڕۆژی دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەرپەرچی هێرشێکی ئاڵۆزی حوسییەکانیان بۆ سەر ڕێڕەوی دەریایی لە دەریای سوور داوەتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکردووە، هێرشەكانیش لە گەرووی بابولمەندەب بەرەو هەڵکشان دەچێت، حوسییەکان دەڵێن ئەم هێرشانەی ئەنجامی دەدەن بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە.

پنتاگۆن خستنەخوارەوەی 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ موشەکی کروز و بالیستی کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرابوون، بەرەو ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سوور راگەیاند.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، هەروەها زیانی بە کەشتیەکانی دەریای سوور نەگەیاندووە.

فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) لە لە راگەیەندراوێكدا پشتڕاستی کردەوە، “حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروزی دژە کەشتی و مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەڵام بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەو.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان