“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە 5 هێرش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە 5 هێرشی نوێی راگەیاند، کە دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکومەت و رووسیای هاوپەیمانیان لە سووریا ئەنجامیانداوە.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە “چەکدارانی رێکخراوەکە بۆسەیەکیان بۆ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سەر بە هێزەکانی حکومەت داناوە و بە فیشەک تەقەیان لێکراوە، لە رۆژئاوای شاری سوخنە لە رۆژهەڵاتی حومس و پێنج سەربازیان کوشتوون و ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاندون”.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەندامانی رێکخراوەکە “بە چەکی ئاسایی ئەندامێکی هێزەکانی حکومەتیان لە نزیک شاری ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردۆتە ئامانج، کە بووەتە هۆی دەستبەجێی مردنی”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ” بە سواری ماتۆڕسکیلەوە و بە چەکی ئاسایی ئەندامێکی ‘هەسەدە’یان کردووەتە ئامانج، لە نزیک کامپی هۆل، ئەمەش بووەتە هۆی دەستبەجێ گیانلەدەستدانی.”

لە راگەێنراوێکی دیکەدا، “داعش” رایگەیاند کە “شانەکانیان بە چەکی مامناوەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج، لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی ئەلسور لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێک و برینداربوونی ئەندامێکی دیکەیان”.

راشیانگەیاندووە، کە شانەکانیان کاروانێکی هێزەکانی رووسیایان لە نێوان ئەلسەلحەبیە و توەیحانیە لە رۆژئاوای شاری رەققە بە بۆمبی چێنراو کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زرێپۆشێکییان زیانی پێگەیشتووە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی