ئەمریکا هێرشێک بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق پەچەڵ دەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەکانی سوپای عێراق رایانگەیاند، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و لەو رێگەیەوە توانیویانە هێرشێک بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە، لە رۆژئاوای عێراق پووچەڵ بکاتەوە.
کەناڵی سکای نیوز لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، کە موشەکهاوێژێک لەسەر بارهەڵگرێکی بچووک لە ناوچەیەکی گوندنشین بە دووری نزیکەی 7 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی بنکەکەوە جێگیرکرابوو، لانیکەم دوو مووشەکیش ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بەرەو بنکەکە هەڵبدرێن، بەڵام هێزە ئاسمانییەکەی ئەمریکا پێش ئەوەی هێرشەکە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد ئەنجام بدرێت، بەتەواوی لەناویانبردووە.
بنکە ئەمریکییەکان و بنکە نێودەوڵەتییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بەنزیکەی رۆژانە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە ، بەپێی دوایین راگەێنراوی بەرپرسانی ئەمریکا، ژمارەی هێرشەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 115 هێرش.