هێزەکانی رووسیا و سووریا بەردەوامن لە مەشق و راهێنانەکانیان لە حەڵەب

دیمەشق – نۆرس پرێس

فیرقەی 25ی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک، بەردەوامن لە مەشقی سەربازی چڕ بە بەشداری هێزەکانی رووسیا لە گوندەواری باشووری رۆژهەڵاتی حەڵەب.

ماوەی چەند رۆژێکە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی رووسیا و سووریا لە ناوچەی کراوەی نزیک ناوچەی ئەلجەبول لە گوندەواری باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەڵەب و بە تایبەتی دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازی کوەیرس بەردەوامن.

مەشقەکان لەسەر تۆپ و مووشەکی ئاراستەکراو ئەنجام دەدرێن بۆ ئامانجە خەیاڵییەکان، ئەمە جگە لە مەشقەکانی پەرەشوت، لەکاتێکدا فڕۆکەوانی سەربازی رووسیا لەڕێگەی چەندین مانۆڕەوە لە ئاسمانی ناوچەکەدا بەشدارییان لە مەشقەکاندا کردووە.

ئەم مەشقانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان سوپای سووریا و رووسیادا دێت بۆ پاڵپشتی لە رژێمی سووریا له ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی:  ئەحمەد عوسمان